پرۆفایلی نەخۆشخانە

نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری گەورەترین نەخۆشخانەی گشتی فێرکاری پارێزگای هەولێرە. کۆی ژمارەی قەرەوێڵەی هەموو بەشەکانی دەگاتە 500 قەرەوێڵە. لەو ژمارەیە (8) دانەیان تایبەتە بە چاودێری چڕ و (27) قەڕەوێڵەی بۆ نەخۆشییەکانی گرێ (ئۆنکۆلۆژی) تەرخانکراوە.

نەخۆشخانە (14) بەشی کلینیکی هەناوی و نەشتەرگەری لەخۆ دەگرێت کە پێکهاتووە لەم بەشانە:

بەشەکانی نەشتەرگەری

  • بەشی نەشتەرگەری گشتی
  • بەشی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ
  • بەشی نەشتەرگەری رێککاری و جوانکاری
  • بەشی نەشتەرگەری قوڕگ و گوێ و لوت
  • بەشی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو
  • بەشی ئافرەتان و منداڵبوون
  • بەشی نەشتەرگەری روو و شەویلاگ

بەشەکانی هەناوی

  • بەشی نەخۆشییەکانی هەناو
  • بەشی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار
  • بەشی نەخۆشییەکانی پێست
  • بەشی رۆماتۆلۆجی و شیاندنەوەی پزیشکی
  • سەنتەری هەرس و جگەر
  • سەنتەری نەخۆشییەکانی گرێ
  • بەشی قەستەرەی دڵ

جگە لەوە (4) بەشی دیکەی پاڵپشت خزمەتگوزاری کلینیکی و فێرکاری پێشکەش دەکەن:

  • بەشی تاقیگە
  • بەشی تیشکناسی
  • بەشی دەرمانخانە
  • سەنتەری راهێنانی پزیشکی

 ژمارەی پزیشکانی پسپۆڕ لە نەخۆشخانە دەگاتە (200) پزیشک کە سەر بە بواری پسپۆڕی جۆراوجۆرن. نزیکەی (300) پەرستار و (45) دەرمانساز لە نەخۆشخانەی رزگاری کار دەکەن.
بواری فێرکاری بوارێکی زۆر چالاکە لە نەخۆشخانە و نزیکەی (350 - 400) پزیشکی نیشتەجێ لە نەخۆشخانە بوونیان هەیە و زۆربەیان قوتابیانی بۆردن.

نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری چەندین خزمەتگوزاری زۆر پێشکەوتوو پێشکەش دەکات وەک چاندنی گورچیلە، چاندنی گلێنە، چاندنی لولپێچی گوێ، خوێن شوشتن (هیمۆدایالیزە)، هاڕینی بەردی گورچیلە بە شۆکوەیڤ (Lithotripsy) ، چارەسەری گرێ بە تیشک و هتد.

هەروەها چەندین پشکنینی پێشکەوتوو ئەنجام دەدرێن وەک وێنەگری بە زرنگانەوەی موگناتیسی (MRI) و وێنەگری بە سی تی (CT Scan)، مەمۆگرافی و هتد.

تاقیگەی نەخۆشخانە ئامێری هەرە پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی زۆربەی پشکنینەکانی خوێن وەک پشکنینی هۆرمۆن و چاندنی میکرۆبەکان و نەخۆشیزانی شانەکان (Histopathology)  و کیمیاگەری بەرگری شانەکان (Immunohistochemistry). ئەمە سەرەڕای هەموو پشکنینە ئاساییەکانی دیکە.

لە پشکنین و چارەسەرە پێشکەوتووەکانی دیکە پێنۆڕییە (نازور - Endoscopy) وەک پێنۆڕی سورێنچک و گەدە و دوازدەگرێ، پێنۆڕی کۆڵۆن، پێنۆڕی سییەکان.

جێگەی ئاماژەپێکردنە کە ئەو دەرمان، پێداویستی، کەرستە و کەلوپەلە پزیشکییانەی نەخۆشخانەکەمان لە کاتی نەشتەرگەری یان هەر خزمەتێکی دیکەی پزیشکیدا بەکاری دەهێنێت کوالیتی هەرە بەرزی هەیە و لە پشکنینەکانی کوالیتی کۆنترۆل دەرچووە و لە کۆمپانیای تۆمارکراو کڕاوە. ئێستا ئەو متمانەیەی کە نەخۆشخانەکەمان لەم رووەوە هەیەتی هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەتیش نییەتی.

بۆ زانیاری تەواو کرتە لەسەر خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانە بکە.