بەشی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو

بەشەکەی ئێمە:
بەشی چاو لە نەخۆشخانەکەمان چەندین خزمەتگوزاری پزیشکی جۆراوجۆر پێشکەش دەکات وەک راوێژکاری دەرەکی، نەشتەرگەری چاو و پێکهاتەکانی دەورەبەری، خزمەتگوزاری سێیەمی دیکە.
نەخۆشخانەکەمان نەخۆشخانەیەکی فێرکارییە؛ بۆیە پزیشکانی نیشتەجێ بەشداری کارایان هەیە لە خزمەتکردنی نەخۆشەکاندا و بەرخوردی راستەوخۆیان لەگەڵ نەخۆش هەیە.
 
مێژوو:
بەشی چاوی نەخۆشخانی رزگاری مێژوویەکی دیاری هەیە لە خزمەتکردنی نەخۆش لە شاری هەولێر. هەر لەگەڵ کرانەوەی نەخۆشخانە لە ساڵی ١٩٨٤ بەشی چاویش دەست بەکار بووە. ئێستاش گەورەترین خزمەتگوزاری چاوە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر.
 
پێکهاتەی بەشی چاو:

١. راوێژکاری چاو:
راوێژکاری چاو دەکەوێتە نهۆمی زەمین. دەکەوێتە ناوەڕاستی یەکێک لە رێڕەوە سەرەکییەکانی ناو نەخۆشخانە. لەگەڵ راوێژکاری قورگ و لووت و راوێژکاری روو و شەویلاگ دەکەونە هەمان سێکشن. هۆبەیەکە لە سێ یەکە پێکهاتووە:
  • یەکەی راوێژکاری دەرەکی: ئەم یەکەیە رۆژانە ئەو نەخۆشانە بەڕێ دەکات کە لە لایەن بنکە تەندروستییەکانەوە رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن. رۆژانەپزیشکانی چاو لە راوێژکاری زیاتر لە سەد نەخۆش دەبینن بە تێکڕا.
  • یەکەی لەیزەری چاو: چەندین ئامێری لەیزەری چاومان هەیە بۆ نەخۆشانی تووشبوو بە شەکرەی چاو، ئاوی رەش و پاککردنەوەی هاوێنەی ناو چاو دوای نەشتەرگەری ئاوی سپی. ئەم لەیزەرانە لەیزەری شکانەوەیی (چاویلکە فڕێدان)ی تێدا نییە.
  • یەکەی پشکنینی تەواوکاری: لێرە چەندین ئامێری گرانبەها و پێشکەوتوو لە خزمەتی هاوڵاتیاندان. لە نموونەی ئەو ئامێرانە سۆناری چاو، تۆپۆگرافیای گلێنە، پانتایی بینین، وێنەگری بناوانی چاو (تۆڕە) و هاوێنەپێو و بایۆمەتری چاو.
 
٢. قاوشەکانی نەشتەرگەری چاو: لە دوو قاوش پێک دێن کە رۆژانە چەندین نەشتەرگەری گەورە و بچووکیان تێدا ئەنجام دەدرێت. نەشتەرگەری ئاوی سپی یەکێکە لە نەشتەرگەرییە هەرە سەرەکییەکان و زۆربەی پزیشکەکان ئێستا بە ئامێری فاکۆ ئەنجامی دەدەن. نەشتەرگەری ئاوی سپی بەم ئامێرە زۆر خێرا و سەلامەتترە لە شێوازە کۆنەکان. نەخۆش زۆر جار تەنها بە دڵۆپێن بەنج دەکرێت و دوای سەعاتێک لە نەشتەرگەرییەکە دەتوانێت بچێتەوە بۆ ماڵەوە. هەر زووش چاوی دەگەڕێتەوە سەر خۆی چونکە برینەکەی زۆر بچووکە.
چەندین نەشتەرگەری دیکەی گەورەش لە نەخۆشخانەکەمان ئەنجام دەدرێت وەک چاندنی گلێنە، نەشتەرگەری ئاوی رەش، گۆڕینی رێڕەوی فرمێسک و جۆرەکانی خێلی.
 
٣. قاوشەکانی خەوتنی نەخۆش: بۆ ئەو نەخۆشانەی نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام دەدرێت، لە هەمان قاوشەکانی قوڕگ و لووت دەخەوێندرێن لە نهۆمی زەمین. بۆ ئەو نەخۆشانەی گرفت و نەخۆشی دیکەیان هەیە، لە نهۆمی پێنجەم دەخەوێندرێن.
 
هەواڵەکردن:
لە بەشی چاوی نەخۆشخانە تەنها ئەم نەخۆشانە بەڕێ دەکرێن:

 
  • لە لایەن پزیشکێکەوە لە بنکە تەندروستییەکانەوە رەوانە کراون و نامەی هەواڵەکردنیان پێیە.
  • لە لایەن راوێژکارییەکی دیکەی نەخۆشخانەوە رەوانە کراون.
  • پزیشکانی پسپۆڕی چاو دەتوانن لە کلینیکی تایبەتی خۆیانەوە نەخۆش رەوانە بکەن ئەگەر پێویستی بە پشکنین یان چارەسەرێکی تەواوکاری هەبوو.

بۆیە ئەگەر گرفتێکی چاوت هەبوو ئەوا سەردانی بنکەیەکی تەندروستی چاو بکە لە سەرەتادا. ئێستا لە زۆربەی بنکە تەندروستییەکان پزیشکی پسپۆڕی چاو دادەنیشێت. ئەگەر گرفت یان نەخۆشییەکەت پێویست بکات ئەوا نامەی هەواڵەکردنت پێ دەدات بۆ سەردانکردنی بەشەکەمان. ئەگەر پزیشکێکی پسپوڕی دیکەت بینی داوای لێ کردی سەردانی پزیشکی چاویش بکەیت، ئەوا داوای نامەیەکی ئاراستەکراوی لێ بکە بۆ بەشی چاوی نەخۆشخانەکەمان.

بەڕێوەبردنی بەش:

 
د. بێستون عمر صالح سەرۆکی بەشی چاو
د. گۆران حسین بەرزنجی جێگری سەرۆکی بەش
صمد محمد خضر لێپرسراوی هۆبەی راوێژکاری
اسماعیل حمدامین صادق لێپرسراوی هۆبەی نەشتەرگەری
 
 

تیمی پزیشکی:
ئەم کارمەند و پزیشکە پسپۆڕانە لە بەشی چاوی نەخۆشخانەکەمان راوێژکاری و خزمەتگوزاری دیکەی چاو پێشکەش دەکەن

راوێژکاری:
شەممە د. بێستون عمر صالح د. ئارام طارق
یەکشەممە د. کارزان عشقی د. دیدار صدیق
دووشەممە د. ماهر هرمز د. عمر عثمان
سێشەممە د. شوان عبدالرحیم د. تارا وسام
چوارشەممە د. گۆران محمد کۆیی د. نیشتمان هاشم
پێنجشەممە د. گۆران بەرزنجی  
 
 
پەرستار و کارمەندان:
مدنی (بینینپێو و چاویلکەساز)
ئازاد رشید عثمان
نوزاد قادر عمر

بەشەکان